لە تریفەی مانگی زیوین
پرشنگی گوڵاڵە و نەسرین
لە جوانیی گەردن، تەوالێت
هەر نەخشێکی شیرین هەبێت
لەمانە و، فرمێسکی دڵخواز
لە چپەی خۆش و وردەناز
لە ئاوریشمی نەرمی هەستم
نەغمەی خۆشی دڵی مەستم
بە پەنجەی نازداری خەیاڵ
تۆم دروست کرد ئەی شیعری ئاڵ
تۆش وکوو باڵداری بزێو
ئەچیتە ناو بریسکەی لێو
خونچەی دەروونم ئەمژی
ئارامی گیانم ئەکوژی
کەچی نامبەی بۆ ناو دەمێ
کە من هەر وا تۆی ئەدەمێ
هەر چەندە زۆر بەلەزەتی
بەڵام ئاخ چەند بێ سفەتی