ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری گوڵ ئەستێرە
٢٥. گوڵ ئەستێرە
گوڵ ئەستێرەی ڕووی شەوزەنگ
بریسکەی گەشە، ڕەنگاوڕەنگ
وەک چاوی، گۆنای یا گەردن
چەناگەی شیرینی خرپن
تەزوو ناڕێژێتە گیانی
فریشتەی نازداری جوانی
پرشنگ نادا، لە تاڤگەی دڵ
کچێ ڕووی گوڵ و بەژنی گوڵ
***
زەردەپەڕی لێوی چیا
پرشنگی گوڵ و سەوزەگیا
پەلکە زێڕینەی ڕووی ساماڵ
پرشنگی زێڕ، یاقووتی ئاڵ
ناگەنە، بزەی لێوەکەی
شەوقی ڕوومەتە سێوەکەی
***
سروەی شەماڵ و خوڕەی ئاو
هاژەی قەڵبەزی وەک بەفراو
وەک پێکەنینی بەجۆشی
دەنگی بەلەزەت و خۆشی
پەپوولەی زەوقی سادەی ژین
پێیان نایەتە هەڵفڕین
***
بەژنی وەک چووزەرە ڕێواس
دەمی یاقووت، پەنجەی ئەڵماس
دەنگی بەسۆز، نەشمیلە و جوان
فریشتەیەکی کوردستان
قژی وەک چەپکێ تیشکی خۆر
ڕەنگی تێ ڕژابوو سەد جۆر
***
نایانە، سەر تەختە سەهۆڵ
ناو گەرووی ماتەمینی دۆڵ
سەربازی تورکی دڵ ئاسن
شەیدا بوون بۆ خوێناو ڕشتن
دوای زیندەبەچاڵ کردنی
هەزاران کوردی وەتەنی
کچەکەی دەرسیمیشیان کوشت
خوێنی کچی شەبەقیان ڕشت
نرکانی، کچەکەی دەرسیم
من هەزار هەزار ساڵ ئەژیم
ئەژیم، لە خاکی خوێنینا
لە خونچە و ساماڵی شینا
دەرسیمی وتەی سەربەرزی
لەناو، گەرووی کەژا تەزی
دەنک دەنک وەک تەرزەی ورد
با، بردی بە دیاری بۆ کورد
ئەگریجەی دەسکەنە کراو
ڕژایە ناو، شەپۆلی ئاو
ئەوەتا، بە چاوی دەروون
ئەیبینم قژی وەک ئاڵتوون
ئەڵێ «ئاکامی سەرکەوتن»
«ئاڵای کوردم پێ بچنن»

پەراوێز edit