توێژاڵی بەفری غەمگینی سەر کەل
ئەڕژێتە ناو چەم، وەکوو پەڕی مەل
وێنەی بێهێزی جێماو لە کاروان
لە خاڵ خاڵ ئەڕژێت شەپۆلی گریان
کە دێن لەسەردا بۆ کۆڕی مردن
گورجن، لە ترسی هوزاری جرپن
بەفر ئەڕژێتە گۆڕستانی شاخ
ناویرێ هەرگیز بکا ئاخ و داخ
ئاوی قەڵبەزەی سپی و ڕەنگا و ڕەنگ
لە گەرووی کەژا، ئەیکا بە ئاهەنگ
وەختێکە تاڤگە دێتە پێکەنین
مەلانی بزێو دێنە هەڵپەڕین
بووکی بەهاری جوانی ڕازاوە
لە کوردستانا خەیمەی هەڵداوە
ورشەی پەڕەی گوڵ، وەک ورشەی نیگا
بولبولی عاشق بۆی ئەبێ شەیدا
لەسەر لووتەکەی شاخ تاجی زەردەپەڕ
پرشنگ ئەهاوێ بۆ ناو ئاوی کەڕ
لەسەر کەناری چەمی پڕ نەغمە
ئەو خونچە سوورەی ناسک و نەرمە
بەرگی داماڵی سەوزی ئاودامان
خۆی شت بە قەترەی بەفراوی کوێستان
وردە شەپۆلی جۆگەلەی بڵاو
ختووکەی بەردە لە کەناری ئاو!
گول کاسەی بادە، شەونم بۆتە مەی
مەل مەست و سەرخۆش دەمی پڕ ئۆخەی
وەکوو فریشتە گوڵی هەڵوەریو
لەسەر سنگی ئاو، جۆگەی وەکوو زیو
ئەڕۆن بەرەو خوار بە پشتە مەلە
ئەپژێتە دەمیان تیشکی ئەو کەلە
گەڵا پان ئەکا بە جۆلانە: مەل
گوژمە گوژمێتی لەم پەل بۆ ئەو پەل!
یا گەڵا مێوێک ئەکا بە لانکە
شەونم لەسەر گوڵ وەکوو ملوانکە
تەپاوتل لەپڕ بەردێک بۆ ناو دڵ
دێتە خوارەوە تا ئەبێت بە خۆڵ
وەک ئەویش شەیدای گوڵێک بێ وەک لێو
ئارەزوومەند بێ بۆ باخی نشێو
شەخەڵ هەر جارە جۆرە ڕنگێکە
ئاوازی گەرووی چەشنە دەنگێکە
لە هەر جووڵەیەک دەنگێک ئاوازێ
لە هەر وەشەیەک یا ڕاز یا نازێ
چەند جوانە گوڵی قەیفە بۆ سوخمە
نێرگسی نازدار بکەی بە دوگمە!
لە تەم دەسماڵی سپی زۆر تەنک
شەوبۆ، پوولەکەی جوان، دەنک دەنک
کیژۆڵەی نازدار ئەم دەشت و چەمە
لار و لەنجەی تۆ، بزەی تۆی کەمە
ورشەی کراست کە بێ لەم دەشتە
ئەوسا کە ئەڵێم باخی بەهەشتە!
ئێوارە وەختە زەردە پەڕی ئاڵ
زەماوەندی خۆش دێنێتە خەیاڵ
کە شەو دێت ئاسمان ئەستێرەی جوانی
بە مشت ئەکاتە ناو دەمی کانی
گوڵ، پرشنگ، جۆگە، وەنەوشەی نازدار
هەموو دڵداران بۆ ژینی بەهار
ئەستێرە دەمی نایە سەر گۆنا
تک تک ئارەقی ئاورنگی ڕژا!
لە تاڵ تاڵی گوڵ تەلی کەمانە
شەماڵ شمشاڵی ناو ئەو چەمانە
بەڵام ئاخ دڕکە ئەم سات و وەختە
لەناو بەهارا تیژ و خۆشبەختە!