ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
کامەران موکری دیاری
٢٣. هێلانەی ئارام
قژی خاو، قژی زەردی کاڵ
گەردنی ناسک، کوڵمی ئاڵ
چاو، هێلانەی ئارامی دڵ
پەنجەی ناسک، دەسی وەک گوڵ
لار و لەنجەی ورد و نەرم
بزە و سەرنجێکی گەرم
بۆچی ون بوون، بوون بە خەیاڵ
خەیاڵیش نەیما پەڕ و باڵ!!
ئەی پەری ئاسمانی ڕماو
چیبکەم، لەگەڵ زێڕی گڵاو
تۆی فڕان، بۆ کۆشکی سامان
ناتگاتێ، نە ئاخ، نە گریان
ناچارم ئەوە بێ پیشەم
داوێنی جوانی بەرنەدەم
دڵم خۆش کەم بەوەی کە من
شەیدام، بۆ ڕوومەت و گەردن
ئەی گوڵاڵەی بە خەم تەزیو
چاوی کەژاڵی کل نەدیو
با بڕێژێت فرمێسکی زۆر
وەک نمی ئاورەنگی بەر خۆر
ئەی مەلی قەفەزی زێڕین
ئەی باڵا بەرزی خوێن شیرین
من دڵسۆزی و تۆ یادی دوور
هی ڕابوردوویەک، زەرد و سوور
با بڕێژین تک تک، لە گیان
خوای دڵداری بێتە گریان
ئەی زێڕی زەردی سارد و سڕ
چۆنت برد دڵی گەرم و گوڕ!
ئەی ئاواز ژەنە، مەستەکەم
سۆزێک بۆ دڵە پەستەکەم
تا ژین وابێ دڵدارییە
کوشتەی دەستی زۆردارییە
تۆ ڕۆیی خوات لەگەڵ ئازیز
دڵت وەکوو گوڵی... پاییز
هەڵیوەران، خەزانی خەم
چاوی هیوامان گرتی تەم
تۆ نەمردووی ئاخ دڵت مرد
زێڕ ئابڕووی دڵداریی برد

پەراوێز edit