ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
قژی نەرمت، وەکوو تاڵی خۆرەتاو
لەسەر قۆڵ و شانی سپی، پەرش و خاو
نەغمەی شیرین، ئاوازی خۆش لە دەنگا
ورشەی سەرنج، لە ناو چاوێکی مەنگا
خاڵێکی کاڵ، نەخشێکی جوان، لە سەر ڕوو
بەژن و باڵات، وردیلە و ڕێک و هەڵچوو
زەردەخەنەی ئەو ڕووە، هی ئەو لێوە
فریشتەی هەست، هی ئەم دڵە بزێوە
وا لێ ئەکات، بێتە سەما و گۆرانی
بیلەرزێنی تەلی ئاوازی جوانی
درەختەکەی سەر کانییەکەی باخی چەم
پێئەکەنێ، گەڵای ئەڵێن، پڕ بە دەم
لە بیرمانە مناڵ بوون، لە ناو باخا
زەردەی دەمتان، ئەدا بە پشتی داخا
تۆ بنواڕە، ئەو کانییە، نازدارە
ئێستەش وێنەی هەردووکمانی تیا دیارە
تۆم خۆش ئەوێت، بەڵام نابم بە یەخسیر
لە تاوی قژ، بۆ دڵم بکەی زەنجیر
نە شوانم بە، نە شوانت بم، بە شمشاڵ
بۆ دڵێکی وشک، بکەین – پەڕ و باڵ –
نە کۆڕنوشت بۆ ئەبەم، نە تۆش بۆ من
با لە باخی شادیا، دەست لە گەردن
دوو دڵدار بین، بەڕاستی دوو فریشتە
ئەو ژیانە بەو جۆرە بێت بەهەشتە
لە گوڵی یاد، لە یادی جوانی ڕەنگین
پێشکەشت بێت چەپکێک گوڵاڵەی شیرین

پەراوێز edit