با هێلانەم، هەر، تەنگ بێ
ئاوازەکەم، بێ دەنگ بێ
وەرزم، پاییزی زەرد بێ
لێنیشتووی گوڵم گەرد بێ
ئەگەر بڵێم کوردم.. من
یەکسەر زمانم ببڕن
پێوەندەکەی جاران بێ
ئەڵقەی ڕەش و گران بێ
ئاوا هەژار و لات بم
ئاوارەی ناو وڵات بم
لێوی خەفەت لێنیشتووم
یا، ڕووی ژاکاوی زەرد بووم
وەک گەڵای زەرد، دیاری بێ
مووچەم، هەر دارکاری بێ
ڕێم بە داو، تەنراو بێ
دڵم کپ و گوشراو بێ
«شەرت بێ پڕ گەرووی هەستم»
«ئەم جارەش هەر بۆی هەستم»
بەستەیەک بڵێم ئێجگار
گەرم و خۆش بێت بۆ هەژار
بۆ ژینی کوردەواری
بیکەم بە نەغمەی دیاری
دەروونە پڕ نەغمەکەم
سادەی بەستە گەرمەکەم