ئاڵەکۆک

کامەران موکری add_a_photo
بۆ ئەو سەرسنگە گۆشتنە
ئەو لامل و بەرگەردنە
کام وشەی زێڕین و جوانە
بۆ یارم کرد بە «گەردانە»
لە وشەی وردی ڕەنگاوڕەنگ
بۆ کەمەر نەخشی باڵای شەنگ
«هەیاسەیەکی» وام بۆ کرد
پڕ بوو لە نەخشی جوان و ورد
لە هۆنراوەی زۆر وردن
بۆم داڕشت «ملوانکە و بازن»
بۆ «گۆ و بەرۆک، دوگمە و دۆڵاب»
ڕیزم کرد وشەی زۆر نایاب
بۆ وەسفی ڕووی کام وشە بوو
جوان و بەتام، تیا بێ تەزوو
سەرجەم هەمووم بەکارهێنان
لە ڕستی شیعرا، دێڕی جوان
لە نێرگز و گوڵاڵەی گەش
لە شەوبۆ و لە ڕێحانەی ڕەش
لە «زەردەپەڕ و لە گزنگ»
ئاوی تاڤگە و نمی ئاورنگ»
وەسفی زۆر جوانم بۆ مژی
بۆ بەژن و ڕوومەت و قژی
وەمزانی وشەی جوان تەواو
لە کەژا، ئاوا، خۆرەتاو
لە ئاسمانا، دەشتا تەما
وشەی جوان و شیرین نەما
کە چی کە نواڕیمە چاوی
بەرگەردنی ڕەنگ هەتاوی
دەریایەکم دی فراوان
پڕ لە بریسکەی گەش و جوان
وشەی وەک مرواری و یاقووت
لە بنیا ورد ورد ئەبزووت
لە وشەی تازەی پڕ لە فەن
بۆم دروست کرد یەک «عاشقبەن»
بە یەک ئەڵقەوە دڵی من
پێوەی بەندە هەتا مردن

پەراوێز edit