شاعیر: کامەران موکری کتێب: ئاوات و ڕەنج سەرناو: عاشقبەن بۆ ئەو سەرسنگە گۆشتنە ئەو لامل و بەرگەردنە کام وشەی زێڕین و جوانە بۆ یارم کرد بە «گەردانە» لە وشەی وردی ڕەنگاوڕەنگ بۆ کەمەر نەخشی باڵای شەنگ «هەیاسەیەکی» وام بۆ کرد پڕ بوو لە نەخشی جوان و ورد لە هۆنراوەی زۆر وردن بۆم داڕشت «ملوانکە و بازن» بۆ «گۆ و بەرۆک، دوگمە و دۆڵاب» ڕیزم کرد وشەی زۆر نایاب بۆ وەسفی ڕووی کام وشە بوو جوان و بەتام، تیا بێ تەزوو سەرجەم هەمووم بەکارهێنان لە ڕستی شیعرا، دێڕی جوان لە نێرگز و گوڵاڵەی گەش لە شەوبۆ و لە ڕێحانەی ڕەش لە «زەردەپەڕ و لە گزنگ» ئاوی تاڤگە و نمی ئاورنگ» وەسفی زۆر جوانم بۆ مژی بۆ بەژن و ڕوومەت و قژی وەمزانی وشەی جوان تەواو لە کەژا، ئاوا، خۆرەتاو لە ئاسمانا، دەشتا تەما وشەی جوان و شیرین نەما کە چی کە نواڕیمە چاوی بەرگەردنی ڕەنگ هەتاوی دەریایەکم دی فراوان پڕ لە بریسکەی گەش و جوان وشەی وەک مرواری و یاقووت لە بنیا ورد ورد ئەبزووت لە وشەی تازەی پڕ لە فەن بۆم دروست کرد یەک «عاشقبەن» بە یەک ئەڵقەوە دڵی من پێوەی بەندە هەتا مردن ++++++++++++++++++++++