دڵداریی من، ئەی کچۆڵەی شۆخ و شەنگ
چرایەک بوو، ڕووناک لە ژوور سەرینت
تیشکی گەشی، کە ئەیدا لە شەوەزەنگ
کامەرانیی ئەڕشتە باخی ژینت
***
کەچی لە پڕدەس و پەنجەی نەفامیت
بە گوڕ ماڵی بەچرادا، بلووریا
بە خۆڕایی کەوتیتە دوای ناکامیت
بۆیە بەکوڵ فریشتەی دڵت گریا
***
تاکو ئێستەش لە شەوی غەمگینییا
سەرلێشێواو خەمبار، لەپەل کوتانای
لە ناو گۆمی لێڵی پەشیمانییا
کۆست کەوتوانە هەمیشە لە گریانای