ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس هەستی دەروون
٢. گفت‌وگۆی بێکەس لەگەڵ زەمانە
بێکەس:
ئەی زەمانەی بێ‌وەفا تاکەی لەگەڵما خائینی
دائیمەن ناڕێک و چەوت و عەکسی ئامالی منی
موددەتێ لای خۆت له گەڵما وەک برا بوویت ئەی زەمان
حاڵی حازر لێم بەری بووی، ناحەز و هەم دوژمنی

وەڵامی زەمانە بۆ بێکەس:
فایقا تۆ بۆچ ئەناڵی، بەسیە ئیتر قیژەقیژ
من وەفام بۆ کەس بووە وا تۆ خەریکی شیوەنی؟
سەد هەزار پیاوی نەجیبم خستە ژێر باری جەفا
چەند هەزار پیاوی بەسەروەت مایەوه خۆی و گونی

بێکەس:
ئەو کەسانەی تۆ ئەڵێی، هێشتا لە بێکەس چاترن
چونکە ژینی ئەو جەفایه، زەهری مارە خواردنی
پێم بڵێ تۆ بۆچی دەرحەق ئەو کەسانەی عاقڵن
ئەژدیهایت و بۆ ئەوانەی جاهیلن هەر وەک ژنی؟

زەمانه:
ڕۆڵە تۆ جارێ مناڵی، شارەزای دنیا نەبووی
سەیری تەئریخ کە ئەزانی گەر لە سیلکی خوێندنی
شا (سەلاحەددین) و (دارا)، خاوەنی باخی ئیرەم
جوملە فەوتان، بوونە خۆڵ و تۆ لە حاڵی نووستنی!
زەڕڕیەک فەرقی ئەم و ئەو قەتعییەن لای من نییه
بەسیه تەحقیر کردنم، تۆ تالیبی شەڕ کردنی

بێکەس:
لێت موحەققەق بێ زەمانە، عالەمێ لێت عاجزە
بێ‌وەفای، بێ مروەتی، هەم سەرسەری و پیس و دەنی
تاقەت و مەیل و بەقای تۆ بۆ کەسێ تا سەر نەبوو
هەردەمێ یاری یەکێکی، لایقی زەم‌کردنی
فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ١٩٦و١٩٧، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit