ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس هەستی دەروون
١. ئەی مانگ
ئەی مانگ! من و تۆ هەردوو هاودەردین
هەر دوو گرفتار یەک ئاهی سەردین

تۆ وێڵ و ڕەنگ‌زەرد بە ئاسمانەوە
منیش دەربەدەر بە شارانەوە

دەخیلتم! ئەی مانگ قیبلەی دڵداران
دەرمانی دەردی دڵەی بیماران

شەوێکە و ئەمشەو بگەرە فریام
بێ یار و هاودەم، عاجز و تەنیام

دڵزار و بێزار، پەست و غەمگینم
گیرۆدەی داوی یاری شیرینم

دڵبەندی عەشقی ئەو بەڵەک چاوەم
شێت و شەیدای ئەو ئەگریجە خاوەم

لەو ساوە ئەوم کەوتۆتە خەیاڵ
گریانە پیشەم، بوومە کۆی زوخاڵ

ئەی مانگ! تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی
تۆ نەشئەبەخشی دڵی بەسۆزی

من سوێندت ئەدەم بە عیشق و جوانی
بە نەسیمەکەی بەری بەیانی

بەسەرهاتی خۆت بۆ من بەیان کە
دەردی گرانم نەختێ ئاسان کە

دوچاری چی بووی وا پەشێواوی؟
لەبەرچی پەست و مات و داماوی؟

پێم بڵێ توخوا چەند جوانت دی؟
چەند جووتە یاری دەس‌لەملانت دی؟

چەند کۆڕی بەزمی عاشقانت دی؟
چەند تەخت و بەخت و خان و مانت دی؟

چەند قەهرەمان و چەند سوڵتانت دی؟
چەند قەوم و میللەت، چەند شارانت دی؟

چەند شەڕ و شۆڕی بێ‌ئامانت دی؟
چەند بۆردمانی کوردستانت دی؟

چەند کفنی ئاڵی شەهیدانت دی؟
چەند بێکەسانی پەرێشانت دی؟

چەند دەربەدەر و ماڵ‌وێرانت دی؟
چەند چاوی سووری پڕ گریانت دی؟

ئەی مانگ! ئەوەندە سەیری دنیات کرد
سەیری نیفاق و زوڵم و ڕیات کرد

بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی
ڕەنگ و شعووری بەجارێ بردی!
فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ١٨٣و١٨٤، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit