شاعیر: بێکەس کتێب: هەستی دەروون سەرناو: ئەی مانگ سەبارەت: فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ١٨٣و١٨٤، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی ئەی مانگ! من و تۆ هەردوو هاودەردین هەر دوو گرفتار یەک ئاهی سەردین تۆ وێڵ و ڕەنگ‌زەرد بە ئاسمانەوە منیش دەربەدەر بە شارانەوە دەخیلتم! ئەی مانگ قیبلەی دڵداران دەرمانی دەردی دڵەی بیماران شەوێکە و ئەمشەو بگەرە فریام بێ یار و هاودەم، عاجز و تەنیام دڵزار و بێزار، پەست و غەمگینم گیرۆدەی داوی یاری شیرینم دڵبەندی عەشقی ئەو بەڵەک چاوەم شێت و شەیدای ئەو ئەگریجە خاوەم لەو ساوە ئەوم کەوتۆتە خەیاڵ گریانە پیشەم، بوومە کۆی زوخاڵ ئەی مانگ! تۆ شوعلەی عەشقی پیرۆزی تۆ نەشئەبەخشی دڵی بەسۆزی من سوێندت ئەدەم بە عیشق و جوانی بە نەسیمەکەی بەری بەیانی بەسەرهاتی خۆت بۆ من بەیان کە دەردی گرانم نەختێ ئاسان کە دوچاری چی بووی وا پەشێواوی؟ لەبەرچی پەست و مات و داماوی؟ پێم بڵێ توخوا چەند جوانت دی؟ چەند جووتە یاری دەس‌لەملانت دی؟ چەند کۆڕی بەزمی عاشقانت دی؟ چەند تەخت و بەخت و خان و مانت دی؟ چەند قەهرەمان و چەند سوڵتانت دی؟ چەند قەوم و میللەت، چەند شارانت دی؟ چەند شەڕ و شۆڕی بێ‌ئامانت دی؟ چەند بۆردمانی کوردستانت دی؟ چەند کفنی ئاڵی شەهیدانت دی؟ چەند بێکەسانی پەرێشانت دی؟ چەند دەربەدەر و ماڵ‌وێرانت دی؟ چەند چاوی سووری پڕ گریانت دی؟ ئەی مانگ! ئەوەندە سەیری دنیات کرد سەیری نیفاق و زوڵم و ڕیات کرد بۆیە بەم ڕەنگە کاری لێ کردی ڕەنگ و شعووری بەجارێ بردی! ++++++++++++++++++++++