شاعیر: بێکەس کتێب: هەستی دەروون سەرناو: گفت‌وگۆی بێکەس لەگەڵ زەمانە سەبارەت: فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ١٩٦و١٩٧، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان. - نووسین: کەماڵ ڕەحمانی بێکەس: ئەی زەمانەی بێ‌وەفا تاکەی لەگەڵما خائینی دائیمەن ناڕێک و چەوت و عەکسی ئامالی منی موددەتێ لای خۆت له گەڵما وەک برا بوویت ئەی زەمان حاڵی حازر لێم بەری بووی، ناحەز و هەم دوژمنی وەڵامی زەمانە بۆ بێکەس: فایقا تۆ بۆچ ئەناڵی، بەسیە ئیتر قیژەقیژ من وەفام بۆ کەس بووە وا تۆ خەریکی شیوەنی؟ سەد هەزار پیاوی نەجیبم خستە ژێر باری جەفا چەند هەزار پیاوی بەسەروەت مایەوه خۆی و گونی بێکەس: ئەو کەسانەی تۆ ئەڵێی، هێشتا لە بێکەس چاترن چونکە ژینی ئەو جەفایه، زەهری مارە خواردنی پێم بڵێ تۆ بۆچی دەرحەق ئەو کەسانەی عاقڵن ئەژدیهایت و بۆ ئەوانەی جاهیلن هەر وەک ژنی؟ زەمانه: ڕۆڵە تۆ جارێ مناڵی، شارەزای دنیا نەبووی سەیری تەئریخ کە ئەزانی گەر لە سیلکی خوێندنی شا (سەلاحەددین) و (دارا)، خاوەنی باخی ئیرەم جوملە فەوتان، بوونە خۆڵ و تۆ لە حاڵی نووستنی! زەڕڕیەک فەرقی ئەم و ئەو قەتعییەن لای من نییه بەسیه تەحقیر کردنم، تۆ تالیبی شەڕ کردنی بێکەس: لێت موحەققەق بێ زەمانە، عالەمێ لێت عاجزە بێ‌وەفای، بێ مروەتی، هەم سەرسەری و پیس و دەنی تاقەت و مەیل و بەقای تۆ بۆ کەسێ تا سەر نەبوو هەردەمێ یاری یەکێکی، لایقی زەم‌کردنی ++++++++++++++++++++++