ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس هەستی دەروون
١٢. زەحمەتە بێ مەی ژیانم
داخی قەرزاریی عەرەق خستوومیە فاک و فیکەوە
گا بەدەس جەرجیس و عەبدە و، گا بەدەس ئۆفیکەوە

هەر کە ڕۆژئاوا ئەبێ من بۆ عەرەق سمکۆڵ ئەکەم
وەک وڵاخێ بێتە وەختی کا و جۆ و ئالیکەوە

چنگ لەسەر شان بۆی ئەڕۆین خۆم و لەگەڵ چەند نەگبەتێ
بۆ پەنا ئاشێ بە مەززە و قاپی مل باریکەوە

جا بەچوار مەشقی لەسەر ئەرز دائەنیشین کۆمەڵێ
بەزمە ئێواران بە دەوری عارەقی مەستیکەوە

خۆشە سەرخۆشی ئەگەر تووشی ڕەفیقی تووش نەبی
ڕابوێری هەر بەگۆرانی و قسەی عەنتیکەوە

عارەق و پارە لە هەردوو گەر سەر و ڕوبعم هەبێ
چیمە ئیتر من بەسەر ئەڵمان و ڕووس و چیکەوە

هەقمە گەر ئارەق بخۆم توخوا ڕەفیق لۆمەم مەکەن
زەحمەتە بێ مەی ژیانم بەم دڵەی تاریکەوە
تشرینی دووەمی ١٩٣٩

پەراوێز edit