ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس هەستی دەروون
١١. لای لایەی (شێرکۆ)
ڕۆڵە، لای لایە... (شێرکۆ) لای لایە
شەوگار درەنگە بۆچ خەوت نایە؟
دنیا کش و مات لە هەموو لایە
هەرچی درەخت و دەشت و چیایە
وا لەژێر باڵی ڕەشی شەوایە
نە دەنگ، نە سروە هیچی لێ نایە
ڕۆڵە، لای لایە... (شێرکۆ) لای لایە
یا خوا شێرانە بێیتە ناوکایە...
***
بنوو بەخۆشی هەتا بەیانی
خەوی ژێر پەردەی پاکی یەزدانی
گریانی چیتە، تۆ چی ئەزانی؟
تۆ تازە خونچەی باخی ژیانی...
کۆرپەی نازدار و فریشتەی جوانی
ڕۆڵە، لای لایە... (شێرکۆ) لای لایە
یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە
***
پەپولەی سپی ناوباخی گوڵان
بنوو بەبێ ترس تا بەری بەیان
تۆم داوەتە دەس خودای نیگەهبان
ئێشک گری تۆن پەریی ئاسمان
هیوای دواڕۆژی بۆ قەومی کوردان
ڕۆڵە، لای لایە... (شێرکۆ) لای لایە
یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە...
***
زەردەخەنەکەت پڕ نەشئە وەک مەی
گڕوگاڵەکەت خۆشتر لە سەد نەی
ئاواتەخوازم کە زوو پێ بگەی
بەشەرتێ کە من ڕەنجەڕۆ نەکەی
ڕۆڵە، لای لایە (شێرکۆ) لای لایە...
یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە...
***
ڕۆڵە وا من تۆم هێنایە بەرهەم
بەڕەنجی زۆر و بەشیری مەمەم
بەشەونوخونی و، ناخۆشی و ستەم
ئەوەندە لە خوا تەمەننا ئەکەم:
وەتەن ڕزگارکەی لە ژێر باری غەم
ڕۆڵە، لای لایە (شێرکۆ) لای لایە
یاخوا شێرانە بێیتە ناو کایە...

پەراوێز edit