ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس شیعری منداڵان
٩. گۆرانی سپۆرت
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
جلی بێکاری داکەنە
دەماری سستی هەڵکەنە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە

تۆپێن و کەوشەک و شەقێن
یاری‌یێکی جوان و بەجێن
تەوژم و تین ئەدەن بە خوێن
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە

داوێنی ڕاستی بەرمەدە
لە یارمەتی، خۆت لامەدە
خاو و خلیچک خۆت بامەدە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە

جوانی ڕەوشت و کردەوە
بۆ ناو و بەرزی پێشڕەوە
بە گورج‌وگۆڵی سەرکەوە
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە

ئەگەر پێویستی خۆتت کرد
گەلت هەموو درشت و ورد
ئەڵێن: بژی لاوچاکی کورد
یاری کە، ڕاکە، پێکەنە
سلێمانی ١٩٣٥.
فایق بێکەس، دیوانی بێکەس، لاپەڕە ٢٣٣، چاپی یەکەم ١٣٩٠، انتشارات کردستان.
نووسین: کەماڵ ڕەحمانی

پەراوێز edit