ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس کوردایەتی
٤. وەفدی کوردستان
قەدری میللەتتان بەجارێ شکان
نە حەیاتان ما نە ناو و نیشان
باری تەعنەتان وا هاتە سەر شان
«وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان»

حاجی تووتنەکەت مادەم فرۆشرا
قیروسیا لە سەد کوشتن و هەرا
دەخیلە هەستە ڕێکەوە خێرا
«دەسکێ لەو گوڵەی باغەکەی سەرا
کەوا بەخوێنی لاوان ئاودرا»

تاقمێ ڕێک خەن زۆر بەپڕ لاقی
بە بەزم و ڕەزم و ئاهەنگ و ساقی
بۆ ئەوەی بکەن دەفعی مەراقی
«بیبەنە بەردەم عەرشی عێراقی
بڵێن یار باقی و، هەم سوحبەتی باقی»

نە بارانتان دی، نە با ئەی فەقیر
نە لاوان کوژران بەگوللە و شەستیر
نە پێی نازداران خرایە زنجیر
«پەردە و تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن دوای کوشتار هێشتا تۆی دڵگیر؟»

هاوار بەماڵم چیمان پێ کرا
لە چارەکێکا سەدمان لێ خرا
هێشتا خەڵاتیان ئەکەن بە بەرا
«دەک خەجاڵەت بن لە ڕۆژی مەحشەرا
ئێمەیش خاکی غەم ئەکەین بەسەرا»

قەت وا تێ نەگەن چاومان شکاوە
کوشتن و بڕین دائیم بۆ پیاوە
لەناو دۆشەکا کەی حەق سەنراوە؟
«خەیاڵتان خاوە کورد نەفەوتاوە
بەراتی نەجات بەخوێن نووسراوە»

میللەت مەتینە عەزمی نانەوێ
لە غایەی بەرزی خۆی هەر ناکەوێ
لەت و پەت کرێ حقووقی ئەوێ
«من ڕەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەرئەکەوێ»
وەفدی کوردستان، میللەت فرۆشان
هەرزە وەکیلی شاری خامۆشان!!

چەپکێ لە گوڵەکەی، باخەکەی سەرا
کە بە خوێناوی لاوان ئاودرا

بیبەنە خزمەت عەرشی عێراقی
بڵێن یار باقی و هەم سوحبەت باقی

پەردەو تارای سوور بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن پاش کوشتار، هێشتا تۆی دڵگیر

دەک خەجاڵەت بن لەڕووی مەحشارا!!
ئێمە خاکی خەم ئەکەین بەسەرا

ئێوەش ئەو عەرشی بەخوێن گوڵ رەنگە
سوجدەی بۆ ئەبەن هیچ ناڵێن نەنگە

کورد نەمردوە، خەیاڵتان خاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە

من رەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەست ئەکەوێ

«پیرەمێرد»
پێنج‌خشتەکی لەسەر شێعرێکی پیرەمێرد
سلێمانی - ١٩٣١

پەراوێز edit