ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس کوردایەتی
٥. یادی نیشتمانی کوردستان
من کە مەحرووم بووم لە وەسڵت تازە ژینم بۆ چییە؟
حورمەت و جاه و جەلال و ڕۆح و دینم بۆ چییە؟

دڵ لەبەر دووری و فیراقت پڕ لە قەهر و میحنەتە
شیوەن و گریانە عەیشم، پێکەنینم بۆ چییە؟

باعیسی ڕووناکیی قەلب و نووری چاوم تۆی، وەتەن
چی لە دونیا کەم بەبێ تۆ جێ نشینم بۆ چییە؟

من کە خاکی پاکی کوردستانی نازدارم هەبێ
چی لە قەتعەی ئەوروپا کەم، موڵکی چینم بۆ چییە؟

مەنزەرەی جوان و تەبیعی زۆرە لەم خاکەی منا
مەنزەرەی سونعی بەبۆیەی سەوز و شینم بۆ چییە؟

من کە خۆشاوی زەریف و شەربەتی مێوژم ببێ
نامەوێ شەمپانیا و، ئەشکەنجە بینم بۆ چییە؟

بۆیە خوڵقاوم کە خزمەت کەم نەوەک هەر دانیشم
بۆ وەتەن گەر تێ‌نەکۆشم هێز و تینم بۆ چییە؟
بەغدا

پەراوێز edit