ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس کوردایەتی
٣. ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە
ئەی وەتەن مەفتونی تۆم و شێوەتم بیرکەوتەوە
وەختی بەندیی و ئەسارەت، پێ بەتەوق و کۆتەوە

من لە زیکر و فیکری تۆ غافڵ نەبووم وا تێ نەگەی
حەپس و تێ‌هەڵدان و زیللەت تۆی لەبیر بردۆتەوە

بەو خووایەی بێ شەریک و لامەکان و واحیدە
عەشقی تۆ نەوعێ لە دڵما ئاگری کردۆتەوە

ئاگرێکی وا هەزار ساڵ ئاوی بڕژێنیتە سەر
قەت گڕ و گڵپە و بڵێسەی تا ئەبەد نەکوژێتەوە

باسی مەحزوونی و کەساسیی خۆت نەکەی توخوا وەتەن
چونکە بەو باسە برین و زامەکەم ئەکولێتەوە

ماتەمینی تابەکەی، دەی پێکەنە و سەر هەڵبڕە
موفتەخیر بە شوهرەتت وا عالەمی گرتۆتەوە

نەگبەتی لاچوو سەعادەت بۆتە پشتیوانی تۆ
کەوکەبی بەخت و فریشتەت بەرزە ئەدرەوشێتەوە

گەرچی بەینێکە زەلیل و دیلی دەستی زاڵمی
نۆبەتی شادیتە ئەمجا ناحەزت لێک بێتەوە

لافی میللیییەت بەدەم لەم عەسرەدا کەڵکی نییە
ڕۆژی هەوڵە هەر بەهیممەت گۆی هونەر ئەبڕێتەوە

بێ قوسوورە چەند جەسوورە سەد شوکر ئەولادەکەت
وا لە ڕێی تۆدا لە خوێنا سەیری چۆن ئەتلێتەوە

بەسیە تەعنەم لێ مەدە هەر ڕۆڵەکەی جارانتم
هێندە حیلمت بێ هەتاکو دەست و پێم ئەکرێتەوە

شەرتە شەرتی پیاوەتی بێ گەر خودا دەستم بدا
دوژمنت پەت کەم وەکو سەگ بیخەمە ژێر پێتەوە...
سلێمانی - ئەیلوولی ١٩٣٠

پەراوێز edit