ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس کوردایەتی
٢. ئامۆژگاری بۆ میللەت
کوردە تا کەی بێ خەبەر بی؟ نوستنت بێ عارییە
واسیتەی دواکەوتنت ئەمڕۆکە هەر بێ کارییە

سەیری ئەم قەومانە کە چۆن بوون و ئێستا بوون بەچی
حەیفە بۆ تۆ وا ئەسیری بوویتە عەبد و جاریە

ئیتفاقێ گەر نەکەی، لەم جەهلە خۆت ڕزگار نەکەی
پاشەڕۆژت قەڵبە بەخوا، عەیش و نۆشت زارییە

مەرهەم و دەرمانی دەردت ئیتفاقە ئیتفاق
دوو دڵی مێقرۆبە، خزمە، عیللەتێکی کارییە

نیوەڕۆیە هەستە ئیتر بەرگی سستی داکەنە
زوڵمەتی شەو وا بەسەرچوو وەعدەیی هۆشیارییە

ڕێی نەزانی بەر بدە و ڕێگەی مەعاریف بگرەبەر
نیشتمانت زۆر کەساسە و، ژینی هەر غەمبارییە

(بێکەسا) قەتعی ئومێدی سەربەخۆیی قەت نەکەی
کوردەواری زیندووە، موحتاجی لوتفی بارییە
هەولێر ١٩٢٨

پەراوێز edit