ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس کوردایەتی
١٩. بیستەی (ژین)
سوپاس بۆ یەزدان، یەزدانی گەورە
ئاسۆی هیوای کورد بێ تەم و هەورە

ڕۆژی زانستی بەڕوونی هەڵات
لەشکری جەهل و تاریکی هەڵات

سەد شوکر میللەت ئێستە هوشیارە
لە ڕێی ژیانا زۆر خەبەردارە

هەمووی بۆ بەرزی خاکی نیشتمان
سەر و ماڵی خۆی ئەکا بەقوربان

ئەوانەی هەوڵ ئەدەن بۆ میللەت
یادیان ئەمێنێ بەقەدر و حورمەت

هەر پایەدارن ناویان زیندووە
پیاوی بێ کەڵک پەست و مردووە

گردبوونەوەمان ئەمڕۆ لەم جێیە
ئیشێکی ئێجگار جوان و بەجێیە

نیشانە و ڕەمزی تێ گەیشتنە
بەڵگەی بەرزێتی و پێ گەیشتنە

هاتووین تەقدیری ئینسانی ئیشکەر
بکەین و قەدری بخەینە سەر سەر

(حاجی تۆفیق بەگ) پیری بەغیرەت
ئەمە بیست ساڵە بەهەوڵ و هیممەت

خەریکە لەگەڵ (ژیان) و (ژین)دا
لەگەڵ ئەدەب و شیعری شیرینا

بە نوکتەی جوان و ئەشعاری وردی
ڕەواجی داوە بەنەزمی کوردی

یا خوا هەر بژی پیری پڕ هونەر
بۆمان ببێتە دەلیل و ڕەهبەر

ئەمسالی زۆر بێ لەناو وڵاتا
دەسگیرمان بێ لە ڕۆی نەجاتا

ئیتر هەر بژی (ژین) و (کوردستان)!
هەر بژی دەستەی مەعاریف خواهان!
١٩٤٦/٢/٧
بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵەوە بەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەی (ژین)دا وتراوە و لە ژمارەی تایبەتی (ژین)دا بڵاوکراوەتەوە.

پەراوێز edit