شاعیر: بێکەس کتێب: کوردایەتی سەرناو: بیستەی (ژین) سەبارەت: ١٩٤٦/٢/٧ - بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵەوە بەسەر دەرچوونی ڕۆژنامەی (ژین)دا وتراوە و لە ژمارەی تایبەتی (ژین)دا بڵاوکراوەتەوە. سوپاس بۆ یەزدان، یەزدانی گەورە ئاسۆی هیوای کورد بێ تەم و هەورە ڕۆژی زانستی بەڕوونی هەڵات لەشکری جەهل و تاریکی هەڵات سەد شوکر میللەت ئێستە هوشیارە لە ڕێی ژیانا زۆر خەبەردارە هەمووی بۆ بەرزی خاکی نیشتمان سەر و ماڵی خۆی ئەکا بەقوربان ئەوانەی هەوڵ ئەدەن بۆ میللەت یادیان ئەمێنێ بەقەدر و حورمەت هەر پایەدارن ناویان زیندووە پیاوی بێ کەڵک پەست و مردووە گردبوونەوەمان ئەمڕۆ لەم جێیە ئیشێکی ئێجگار جوان و بەجێیە نیشانە و ڕەمزی تێ گەیشتنە بەڵگەی بەرزێتی و پێ گەیشتنە هاتووین تەقدیری ئینسانی ئیشکەر بکەین و قەدری بخەینە سەر سەر (حاجی تۆفیق بەگ) پیری بەغیرەت ئەمە بیست ساڵە بەهەوڵ و هیممەت خەریکە لەگەڵ (ژیان) و (ژین)دا لەگەڵ ئەدەب و شیعری شیرینا بە نوکتەی جوان و ئەشعاری وردی ڕەواجی داوە بەنەزمی کوردی یا خوا هەر بژی پیری پڕ هونەر بۆمان ببێتە دەلیل و ڕەهبەر ئەمسالی زۆر بێ لەناو وڵاتا دەسگیرمان بێ لە ڕۆی نەجاتا ئیتر هەر بژی (ژین) و (کوردستان)! هەر بژی دەستەی مەعاریف خواهان! ++++++++++++++++++++++