ئاڵەکۆک

فایەق بێکەس add_a_photo
بێکەس کوردایەتی
٢٠. قەومی کورد...
قەومی کورد ئیسپاتی کرد بۆ عالەمی سەر ڕووی زەمین
میللەتێکی قارەمانن هەر ئەبێ سەربەست بژین

میللەتێ لاوی لە ڕێگەی سەربەخۆییی نیشتمان
بێتە بەر سێدارە، بێ ترس، دەم بەخەندە و پێکەنین

قەومی وا نامرێ، ئەژی، با دوژمنی هەر شەق بەرێ
ساحێبی ڕۆڵەی نەبەردە؟ خاوەنی عەزمی مەتین

ئەو کەسەی گیانی لە ڕێگای نیشتمانا بەخت ئەکا
پێی مەڵێن مردوو، شەهیدە وا لە فیردەوسی بەرین

لاوی کورد مەردە لە مردن قەتعییەن باکی نییە
پەندی پێشینانە، ڕاستە (بەرخی نێر بۆ سەربڕین)

وا وەتەن دیسان بەمەحزوونی ئەڵێ ئەی لاوەکان
بۆچی وا مات و مەلوولن، بەسیەتی شین و گرین

ڕۆژی تێکۆشانە سا دەی هیمەتێ تاکو زووە
بەشکو لەم حاڵە نەجاتمان بێ و لە دیلی دەربچین

گەرچی هەندێ کەس خەریکن ورگ و گیرفان پڕ ئەکەن
شەو بەبێ خەم سەر ئەنێنە سەر سەرین، هەر سەرسەرین

پیاو ئەبێ دائیم خەمی قەوم و وڵاتی خۆی هەبێ
ئەو کەسانەی بێ خەمن حاشا نەوەی ئەم خاکە نین...
بەبۆنەی هاتنەوەی لاشەی چوار ئەفسەرە قارەمانەکەوە بۆ سلێمانی لە ساڵی ١٩٤٧دا وتراوە.

پەراوێز edit