بە نان و ئاو و جل و بەرگی خۆم
خزمەتم کردی لە ئێران و ڕۆم
لە پێناوی تۆ شکاوە ئەستۆم
کەچی هێشتا هەر دیل و ڕەنجەڕۆم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
بە فڕ و فیشاڵ من ئەخەڵەتێنی
ڕۆژێ نەوعێکم هەڵ ئەپەڕێنی
بۆ مەرامی خۆت ملم ئەشکێنی
کە ئێشت نەما وازم لێدێنی
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
لە ڕێی ژیانا هیچ پێش نەکەوتووم
لات و پەژموردەم، هەر وەکوو مردووم
قسەی خۆمان بێ حەشرت پێ كردووم
هیوام نەماوە تازە لەدەست چووم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
لەژێر دەستیی تۆ زۆر پەرێشانم
لە ئینسان ناچم، عەینی حەیوانم
کەی ڕزگار ئەبم ماڵی وێرانم؟
وا بەخۆت ئەڵێی حامی گەلانم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
چاوەڕێی نەختێ لوتف و خەڵاتم
ببوژێتەوە خاکی وڵاتم
هیچ گوێ نادەیتە دەرد و ئاواتم
چوونکە ئەیزانی بێ دەسەڵاتم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
لە زوڵم و جەورت هەر چاو ئەپۆشم
بۆ ڕەزامەندی تۆ تێئەکۆشم
لەبەر تۆ زەربەم داوە لە خۆشم
وا تێگەیشتم کە چەند بێهۆشم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
وازم لە هەموو کەسێک هێناوە
تۆم گرتوە و دنیام خستۆتە لاوە
بۆیە پێم ئەڵێن کەر و ڕێشگاوە١
ئەوەی تۆی ناسی ملی شکاوە
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
جارێ ناپرسی لە حاڵی زارم
سووتام، پڕووکام، زۆر بێقەرارم
ئەزانی لە تۆ بۆچی بێزارم؟
شارەزای دەردمی ناکەی تیمارم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
ئەپاڕێمەوە، هەر هاوار ئەکەم
یاخوا کافریش نەبێ بە جەستەم
وێڵ و سەرگەردان، بێ تین و خەستەم
هیچم پێناکرێ، دیل و دەسبەستەم
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناهەق وا سووکت کردم؟
ئەحواڵم بەدەس تۆوە زۆر شڕە
سەد بەڵێن دەدەی لەلای من تڕە
بەسیەتی ئیتر ئەم وڕە وڕە
نۆکەریت ناکەم ورگم هەڵدڕە
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
هەوڵم بۆ داوی بە دڵ و بە گیان
بەسیەتی ئیتر درۆ و تەفرەدان
ئەمکەی بە دیلی عێراق و ئێران
گوناهم چی بوو بەم دەردەت بردم؟
بۆچی بە ناحەق وا سووکت کردم؟
١. ڕێشگاو: ڕێژگاو، گەوج، کەسێکە بەخۆڕایی دووی مەبەستێکی هیچ و پووچ کەوتبێ.