ئاڵەکۆک

خۆشناو add_a_photo
خۆشناو شیعرەکانی خۆشناو
٦٠. کۆتری لێقه‌وماو
شه‌وه درەنگە سارد و سه‌رمایه
جگه‌ له ‌کوندێ چ ده‌نگێ نایه

له ‌ناکاو بیستم ده‌نگی باڵه‌فڕ
ڕاپه‌ڕیم له‌پڕ ڕامام مات و کڕ

هه‌ڵاتمه‌ ده‌رێ بزانم چ باسه
دیتم دوو کۆتر گه‌لێک به‌تاسه

که‌وتوون له‌به‌ر ده‌رکی بێڵایه‌
شه‌که‌ت و ماندوو له ‌به‌ر سه‌رمایه

گوتم: کۆتره‌کان کۆتره‌ باریکه‌
له‌ کوێ بوون به‌ ئه‌و شه‌وه‌ تاریکه

گوتیان له‌ سه‌ر ئه‌و شاخو هه‌ردانه
به ‌زه‌حمه‌تی زۆر کردمان هێللانه

که چی قه‌له‌ڕه‌ش، پێی فرۆشتین شه‌ڕ
له ‌ماڵی خۆمان پێی گرتووین گه‌ڕ

جووته ‌و جوجکه‌مان هه‌مووی کوژراوه‌
ماڵ و لانه‌مان تاڵان کراوه

ڕێمان پێواوه ‌و هاتووینه‌ ئێره‌
تۆش ئه‌مانمان ده‌ کارێکی خێره

بهێڵه‌ له‌ نێو ئه‌و سوانانه‌
به ‌جووته‌ بژین ساز که‌ین هێللانه

وتم: مه‌لانی خۆش خاڵ و ڕه‌نگم
له ‌ئاستی ئێوه‌ ئه‌من بێده‌نگم

هه‌ر کوێیه‌ خۆشه‌ له ‌ده‌ر و سه‌ربان
هێللانه‌ ساز که‌ن به‌که‌یفی خۆتان

جا وه ‌سبه‌ینێ ڕا به‌ پووش و په‌ڵاش
لانه‌یان ساز کرد له ‌جێیه‌کی باش

ئه‌وه‌ چه‌ند ساڵه‌ ئه‌و دوو کۆترانه‌
لەگەڵ مە دەژین لەو به‌ر هه‌یوانه‌

****

هه‌ر که‌س په‌نا دا به‌ لێقەوماوێ
له‌ ڕۆژی په‌سین پرسیاری ناوێ

په‌نا ده‌ن به‌وه‌ی که‌ لێقەوماوە
حه‌ق له‌لای خودا، قه‌ت نەفه‌وتاوه
١٣٧٥/١٢/٨

پەراوێز edit