ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٩٥. کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم
کە نووری تەلعەتی یارم لە تووری دڵ بڕا چی بکەم؟
تەنووری میحنەتی دووری لە سینەم ھەڵگڕا چی بکەم؟
ئەوا چوو بۆ سەفەر لەیلا بەجێماوم لەبن کەیلا
دڵەی مەجنوون بە واوەیلا بە دوویا ھەڵخڕا چی بکەم؟
ھەتاکوو تاقەتم مابوو ھەموو غەم نان و ھەڵوا بوو
کە خانەی سەبرەکەم سووتا کە پەردەی دڵ دڕا چی بکەم؟
بە ئەمری حەق قەڵەم بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی
ئەگەر شیوەن نەکەم سەبر و قەرارم لێ بڕا چی بکەم؟
قەڵەم ڕۆژی ئەزەل بۆ ئێمە ھەر دەرد و غەمی نووسی
ھەموو ڕۆژ گەر نەناڵێنم لە ناو خاک و قوڕا چی بکەم؟
بە زنجیری مەلامەت ناشکێ قووەی جنوونی من
لە دونیادا بە بەدناوی کە من زەنگم زڕا چی بکەم؟
لە باغی عومری خۆم و حوسنی تۆ بێ بەھرە بم تاکەی؟
لە بەر دەرگاھی تۆ ھەر دابنیشم لەم قوڕا چی بکەم؟
بە بەرگی تازەوە ھەرکەس ئەبینم مەست و مەسروورە
ھەمیشە قانع و سابیر لە توێی بەرگی شڕا چی بکەم؟

پەراوێز edit