کڵاوی سەر دڕاوی خۆم بە تاجی پادشا نادەم
کەلاوەی دووکەڵاوی خۆم بە قەسر و گەنجی شا نادەم
پڵاوی سەر بە کشمیشی فەقیری یەعنی ئاسایش
خودا بیدا لەمەولا ڕوو بە ترشی و شۆربا نادەم
کە لاوی خۆم بە دەستی خۆی گوڵاوم لێ بپڕژێنێ
ئیتر حاشا وە کەللا دەس لە داوێنی سەبا نادەم
بە خوێنی جیفە بەرگی زاھیدی ئالوودە کەم شێتم
بە تەوفیقی خودا دینم بە دوو نان و عەبا نادەم
کلیلی سابیری قاپی ھەموو مەقسوودێ ھەڵدەگرێ
بیحەمدیللا بە دەس گرتوومە ڕەنجی خۆم بە با نادەم