ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٩٦. مودەتێکە ئینتیزارم بەم تەنی بیمارەوە
مودەتێکە ئینتیزارم بەم تەنی بیمارەوە
بەم دڵەی پڕ حەسرەت و دەرد و غەم و ئازارەوە
ئەی ڕەفیقانم عیلاجێ بێنە ئەم ھاوارەوە
یاری من تۆراوە ھەمتی چوو بەلای ئەغیارەوە
چارێ تریاکێ بکەن دڵ بوو بە گازی مارەوە
کەی دەپرسی حاڵی دەردی عاشقی زار و مەلوول؟
ناڵەناڵی عاشقانت کەی دەگاتە گوێی قەبووڵ؟
خانەبێزراو و جنوونم دائیمەن مائیل بە چۆڵ
أمشي ميلاً عد مريضاً بێنە جێ ئەمری ڕەسووڵ
ئەمری حەق دێنم بەجێ تۆ بی و خودا بمشارەوە
وا بریندارم بە تیری چاوی ما ذاغ البصر
بۆ تەداوی سەد کە لوقمانی زەمانم بێتە سەر
بۆ عیلاجم عاجزە ڕەد ناکرێ حوکمی قەدەر
ھەر دەبێ مەجنوون و شەیدا بم لە کێو و دەشت و دەر
نیم بەتەنگی میحنەت و زنجیری عەیب و عارەوە
تۆ خودا ئەی دولبەری تەن ناسک و گەردن بلوور
خوا لە چاوی بەد بەدوورت کا لەمن خۆت مەگرە دوور
وا لە چاوم دێ لە دووری تۆ سرووشکی زەرد و سوور
تۆ بەسەر ئەم بەندەیی بێچارەدا ناکەی عبوور
تابەکەی ئەم ئاوە لەم سەرچاوەیە بێتە خوارەوە؟
عاقڵان چیتان بەسەر سەحرانشینی شێتەوە
خۆ بە بێ حیکمەت نییە لەو دەشتە وا دەخولێتەوە
ئەڵبەتە مەجنوونی لەیلایێکە ئەیدۆزێتەوە
یا دڵی تۆراوە سەرگەردانە ئەیھێنێتەوە
حاسڵی بێ سڕ نییە تۆ چیت بەسەر ئەسرارەوە؟
شەو لە تاوی ئاگری دووری خەوم لێ ناکەوێ
پادشاھیی سەرزەمینم پێ ببەخشن نامەوێ
غەیری ئەو جێگایە وا تەشریفی یارم وا لەوێ
وەسڵی ئەو بۆ من مویەسسەر بێ بە کامی دڵ شەوێ
چیم بەسەر جنات تجري تحتها الأنهارەوە
من کەتان ئاسا بە شەوقی حوسنت ئەی بەدری مونیر
گەرچی سووتاوم لە ئازاری برین ناکەم نەفیر
سەدھەزاران عاشقی وەک سابیری ڕووت و فەقیر
تەیری دڵیان بۆ بە داوی زولفەکانی تۆ ئەسیر
تۆ کە دانەی خاڵ ئەنێی بەو ڕوومەتی مەھپارەوە

پەراوێز edit