وتی یارم لە جەنناتێ گوڵی ڕوخسارم ئەنوێنم
ھەموو شەو تا سەحەر بۆیە وەکوو بولبول ئەناڵێنم
لە مەغریب ڕۆژ ھەڵات ئەمشەو وتم ڕەنگە قیامەت بێ
موسوڵمانان مەکەن مەنعم نەما عەقڵ و دڵ و دینم
بە غەدداری دڵ و جەرگی بڕیم و پێم ئەڵێ مەگری
نەوا لێشاوی فرمێسکت بکا تەقبیلی داوێنم
لە ترسی سۆز و ئاھی ئاگرینم موشکیلە عەقڵم
بدا ڕێگا کە ناوی نازکت بۆ ناوی دەم بێنم
بە چاوی مەست و مەخموورت ئەوەندە مەست و مەسروورم
لە سایەی تۆوە وەک شێری ژیان زنجیر ئەپسێنم
بە ئومێدم لە حاڵی نەزعدا تۆ بێیە باڵینم
کە تۆ بخوێنی یاسینم دەکەن حوور و مەلەک شینم
بە زستانی فیراقت سابیری وەک پایزی زەردە
بە ڕوخساری بەھارت ئاھی گەرمم شوبھی ھاوینم