ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٦٨. ئەو شۆخە کە وا مەسحەفی عوسمانە بە عاریز
ئەو شۆخە کە وا مەسحەفی عوسمانە بە عاریز
عیسانەفەس و یۆسفی کەنعانە بە عاریز
خورشیدە بە خاسییەت و لوقمانە بە حیکمەت
ئارام و شیفابەخشی دڵ و جانە بە عاریز
شمشێری برۆی فاتیحی سەد خەندەق و خەیبەر
حەیدەرسیفەت و ڕۆستەمی دەستانە بە عاریز
ناحەق نییە گوڵ غەرقی عەرەق بێ لە بەرەوڕووی
یارم کە ئەڵێی ڕەوزەیی ڕیزوانە بە عاریز
چاکانی جیھان نازی ئەکێشن بە دڵ و جان
نازپەروەر و ئەسکەندەر و سوڵتانە بە عاریز
سایەی لەسەری خەڵقی جیھان لامەدە ڕەببی
پڕ مەنفەعەت و حیکمەت و دەرمانە بە عاریز
سابیر بە دەوا دەردی دڵی چاکەوە نابێ
ئیللا بە کەسێ حەزرەتی لوقمانە بە عاریز

پەراوێز edit