شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: ئەو شۆخە کە وا مەسحەفی عوسمانە بە عاریز ئەو شۆخە کە وا مەسحەفی عوسمانە بە عاریز عیسانەفەس و یۆسفی کەنعانە بە عاریز خورشیدە بە خاسییەت و لوقمانە بە حیکمەت ئارام و شیفابەخشی دڵ و جانە بە عاریز شمشێری برۆی فاتیحی سەد خەندەق و خەیبەر حەیدەرسیفەت و ڕۆستەمی دەستانە بە عاریز ناحەق نییە گوڵ غەرقی عەرەق بێ لە بەرەوڕووی یارم کە ئەڵێی ڕەوزەیی ڕیزوانە بە عاریز چاکانی جیھان نازی ئەکێشن بە دڵ و جان نازپەروەر و ئەسکەندەر و سوڵتانە بە عاریز سایەی لەسەری خەڵقی جیھان لامەدە ڕەببی پڕ مەنفەعەت و حیکمەت و دەرمانە بە عاریز سابیر بە دەوا دەردی دڵی چاکەوە نابێ ئیللا بە کەسێ حەزرەتی لوقمانە بە عاریز ++++++++++++++++++++++