ئەو شۆخە کە ئارامی دڵ و جانە بە عاریز
تەفسیری ھەموو سوووڕەیی قورئانە بە عاریز
غەرقی عەرەقە میسک لەبەر زولفی عەبیری
پەژمووردە دەکا سونبول و ڕیحانە بە عاریز
مەعنایی ڕوخی حوورە کە وا شەڕحی کراوە
بنواڕە کە مەجمووعی نمایانە بە عاریز
شەرمەندە دەکا سەرو بە باڵایی بڵیندی
ما حيي بە شوعاعی مەھی تابانە بە عاریز
کەی دێ بە سەر ئەم خەستەیی بێچارە خودایە
ئەم غونچەلەبە شەربەت و دەرمانە بە عاریز
موورە بە کەمەر، لەعلە بە لێو، سەروە بە باڵا
بێچووە ئاسکە بە چاو، ڕەوزەیی ڕیزوانە بە عاریز
دەرکەوتنی مایەی فەرەحی خاس و عەوامە
سەرداری ھەموو لەشکری سوڵتانە بە عاریز
بۆچیمە دڵ و گیانم ئەگەر نەیکەمە قوربان
یارم کە ئەڵێی یۆسفی زیندانە بە عاریز
دەرکەوتنی بێھۆشییە ون بوونی نەخۆشی
تەسکین و شیفابەخشی نەخۆشانە بە عاریز
سابیر کە پەرێشانە دەسووتێ بە شەو و ڕۆژ
زولفی شەوە یا میھری درەخشانە بە عاریز