ئەی جیھانی زەڕڕەیی خورشیدی حوسنت عام و خاس
عاجز و پێکاوی غەمزەت ڕۆستەم و سەعدی وەقاس
تۆ کە لەیلی ئاگرت بەردایە دڵ مەجنوونی خۆت
بۆیە وا ئێستاکە دەمبینی وەکوو دووکەڵ ڕەقاس
تا نەسووتێنن لەشی خۆیان ھەوادارانی ڕووت
شوبھی پەروانە لە خەوفی عەشقی تۆ نابن خەلاس
دووڕڕ و گەوھەر کێ لە قووڵی بەحر و دەریا دەرئەکا؟
تا نەکەن تەرکی وجوود و ما ملك نەوعی غەواس
سابیری دووڕدانە داپۆشە لەبەر چاوی عەوام
کێ لە قیمەت دووڕ و گەوھەر تێدەگا ئیللا غەواس
ڕیش و پرچ و ھەم عەمەل ناتباتە جەننەت تێبگە
تەوبەیی خالیس مەگەر بتکا لە ناروڵڵا خەلاس
واز لە سەر ھێنان و بۆ گەوھەر لە بەحرا غەرق بوون
سابیری نایێ لەدەستی ھەرکەسێ ئیللا غەواس