ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٦٤. یاخودا خۆش بی سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش
یاخودا خۆش بی! سەعاتێ بێرە سەردانی نەخۆش
خۆ خودا پێی خۆشە تۆ خۆش کەی دڵ و جانی نەخۆش
ھەر بە ئوممێدم کە تۆ بێیە سەرینم بۆ خودا
یا عیلاجێکم کەی و یا وەرگری گیانی نەخۆش
عومری شیرینم بە ناڵین و نەخۆشی بردەسەر
خۆشی خۆشیمە کە تۆ پێت خۆشە ناڵانی نەخۆش
ھەر سەری موویە برینێکی موژەی تۆی پێوەیە
ڕوو ترش ناکەم کە چاوی تۆیە لوقمانی نەخۆش
تا لە وێرانەی دڵم گەنجی غەمت شاراوەیە
بەردی بنچینەی نەما خانووی وێرانی نەخۆش
تا نەخۆشی عەشقی تۆ ڕووی کردە مەیدانی مەساف
ڕۆستەم و بەھرام پەشۆکاون لە داستانی نەخۆش
لەززەتی دەرد و غەمی عەشقت لە شاھی خۆشترە
چونکە تۆ پێت خۆشە شەوناڵین و گریانی نەخۆش
سابیری خاوەن موغازەی شاری دەرد و میحنەتە
وەرنەوە ئەی موشتەری، کاڵایی ھەرزانی نەخۆش

پەراوێز edit