ئەی شاھ تەماشا کە لە دەرگاھی تۆ دەروێش
کەوتوونە ھەموو بێ خەبەر و عاجیز و دڵڕێش
بۆ خاتری ئەو شەوکەت و شۆخیتە کە عالەم
ھاتوونەتە خزمەت قەدەمت جوملە کەم و بێش
بێ بەرگ و نەوا موستەحەق و واجب الاحسان
ھەریەک لە وڵاتێکەوە ھاتوونە کەمەندکێش
ھەر ڕۆح و دڵە بیکەمە قوربانی بەری پێت
بێجگە لەمە ھیچم نیە خۆ بیکەمە پێشکێش
لەم حوسنە زەکاتی بە مەساکین و فەقیران
ئیعتا کە بە کوێرایی ڕەقیبانی بەدئەندێش
بێ جەژنی ویسالت بە خودا نەبووە و نابێ
ئازاری دڵ و زامی جیگەر ساکین و ساڕێش
خاکی قەدەمت تا نەکەمە سوورمەیی چاوم
دڵ سەبر و قەراری نییە وەڵڵاھی کەم و بێش
مێروولە ھەموو تالیبی خەرمانی فەلاحن
لابود لەکن بوونی عەسەل حازر ئەبێ مێش
سووتاندمی لەولاشەوە یارم ئەگەزێ لێو
یەعنی کە مەناڵێنە لەبەر دەرد و غەم و ڕێش
من سائیل و موحتاجم و تۆش شاھ و ئەمیری
خێرێکە بە تەقلیدی ئیمامانی لەمەوپێش
یەعنی قەدەمێ بێنە سەرینم کە نەخۆشم
ئیحسانە برینی جگەر و دڵ بکە سارێش
جانا وەرە با جەژنی ویسالی تۆ ببینم
شادم کە نەجاتم دە لە دەستی ئەلەم و ئێش
تا زولفی سیاھی تۆ پەناھی دڵی من بێ
باکم نییە بێ شوبھە لە سەد ئەژدەری پڕ نێش
ھەرکەس وەکوو سابیر کە زەدەی دەستی پەری بێ
مەجنوونە، جگەرخوونە، دڵ توونە، جەفاکێش
فەرموو بە دڵ و جانەوە ئامادەیە سابیر
جانا بە خودا بێجگە لەمە نیمە کەم و بێش
سابیر تۆ ئەگەر عاشقی لەم دەردە مەناڵە
ئەو شۆخە جەفاپیشەیە تۆ دەرد و جەفاکێش