ئەی مەسیحالەب بە چاوی تۆ عیلاجم چوو لە دەس
بۆ خودا ڕۆژێ نەھاتیتە سەرینم یەک نەفەس
من کە مردم دێیە سەر قەبر و جەنازەم شین ئەکەی
فائیدەی چی ئاوڕشێنی خاک و خوڵ و خار و خەس
بولبولی دڵ بۆ گوڵی ڕوخسارەکەت ئەی غونچەلەب
شیوەن و زاری دەکا ھەروەختە بشکێنێ قەفەس
حەز لە یاری و تێکەڵی ئەغیار ئەکەی وەجھی چییە؟
دەفعەیێ بۆ جانبی یارانی خۆت ناکەی ھەوەس
کۆمەڵی بێگانە دائیم مەستی عەیش و عوشرەتن
دوور لە تۆ بۆ ئێمە ھەر شینە لە جێگەی شەوچەرەس
دەستی من کۆتاھ و خورما بەرز و باڵای ئەی خودا
تۆ سەبەبسازی بکەی ڕۆژێ کە خورما بێتە دەس
سابیری تۆفانی چاوی پڕ بە عالەم مەوج ئەدا
زۆر نەماوە کێوی عومری دوور لە تۆ بێنێ ھەرەس