ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٥٢. لە سەفەر ھاتەوە سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز
لە سەفەر ھاتەوە، سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز
قەمەری تەلعەتی دەرکەوت و دڵم بوردەوە باز
بە سەلامی، دڵی ئاتەشکەدە تەسکینی ھات
بە کەلامی، جگەری ڕیشمی چا کردەوە باز
ئەمە جێی سەجدەیی شوکرانە و سەر دانانە
کە خودا مەرحەمەتی کرد و گەیشتم بە مراز
زەھەب و فیززەیی جان دەرچوو لە بۆتەی ھیجران
نییەتی ترس و غەمی دەست و دەمی مزگەر و گاز
دڵ و جان گەرچی لە دەرد و غەمی دووری دوورن
ھیچ فەرقی نییە کەوتوونەوە بەر غەمزە و ناز
بە خودا ھەر غەم و ئازارە چ دوور و چ نزیک
ھەردوو ھەر قاتڵی دوڕڕاجە چ شاھین و چ باز
وەکوو دونیا غەم و ئازارە چ بوون و چ نەبوون
مار ھەر ماری زەھردارە چ کۆتا و چ دراز
فەرەح و ڕاحەتی تێدا نییە دونیا بە خودا
بە مەفادی خەبەری سەییدی ساحیب ئیعجاز
لەتە نان و قومە ئاوی کە بە ھەر کەس دابێ
بە یەقین نانەکە زەھراوییە ئاوی کولە گاز
بە زگی مادەری دونیا دز و جەردەی ھێنا
نە لە عەللامە ئەپرسن نە لە حوججاجی حیجاز
بەخەبەر ھاتم و زوو سەجدەیی شوکرم ھێنا
کە ھەموو زامی دڵم خۆش بووەوە کۆنە و تاز
غەرەزت یارە دیارە مەکە ھاوار و فیغان
غەرەزت ماڵە بماڵە بە عەبا جێگە نەماز
بە خودا زەحمەتە دەروێش قەبووڵ بێت و نوێژ
کە لەبەر چاو و قبووڵی ئەکەی ئەم سەجدە دراز
سابیری مادەر و فەرزەند، ھەموو باوەکوژن
عەجەبا باوەکوژت کردووەتە مەحرەمی ڕاز

پەراوێز edit