شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: لە سەفەر ھاتەوە سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز لە سەفەر ھاتەوە، سەرپۆشی لە ڕووی کردەوە باز قەمەری تەلعەتی دەرکەوت و دڵم بوردەوە باز بە سەلامی، دڵی ئاتەشکەدە تەسکینی ھات بە کەلامی، جگەری ڕیشمی چا کردەوە باز ئەمە جێی سەجدەیی شوکرانە و سەر دانانە کە خودا مەرحەمەتی کرد و گەیشتم بە مراز زەھەب و فیززەیی جان دەرچوو لە بۆتەی ھیجران نییەتی ترس و غەمی دەست و دەمی مزگەر و گاز دڵ و جان گەرچی لە دەرد و غەمی دووری دوورن ھیچ فەرقی نییە کەوتوونەوە بەر غەمزە و ناز بە خودا ھەر غەم و ئازارە چ دوور و چ نزیک ھەردوو ھەر قاتڵی دوڕڕاجە چ شاھین و چ باز وەکوو دونیا غەم و ئازارە چ بوون و چ نەبوون مار ھەر ماری زەھردارە چ کۆتا و چ دراز فەرەح و ڕاحەتی تێدا نییە دونیا بە خودا بە مەفادی خەبەری سەییدی ساحیب ئیعجاز لەتە نان و قومە ئاوی کە بە ھەر کەس دابێ بە یەقین نانەکە زەھراوییە ئاوی کولە گاز بە زگی مادەری دونیا دز و جەردەی ھێنا نە لە عەللامە ئەپرسن نە لە حوججاجی حیجاز بەخەبەر ھاتم و زوو سەجدەیی شوکرم ھێنا کە ھەموو زامی دڵم خۆش بووەوە کۆنە و تاز غەرەزت یارە دیارە مەکە ھاوار و فیغان غەرەزت ماڵە بماڵە بە عەبا جێگە نەماز بە خودا زەحمەتە دەروێش قەبووڵ بێت و نوێژ کە لەبەر چاو و قبووڵی ئەکەی ئەم سەجدە دراز سابیری مادەر و فەرزەند، ھەموو باوەکوژن عەجەبا باوەکوژت کردووەتە مەحرەمی ڕاز ++++++++++++++++++++++