لە تاوی ئاگری عەشقی پەری ڕوویێکی قەد بەیداخ
خودا ئاگاھە یەک لەحزە نییە جەرگ و دڵم بێ داخ
کە زولفی ڕوومەتی پۆشی سەراپا خەڵکی مەجنوونە
کە دەرخا ڕوویی شیرینی وەکوو فەرھاد دەچن بۆ شاخ
بە غەمزەی چاوی بیماری ئەزانن چەند پەرێشانم
میسالی باخی بێ خاوەن وە یا بوستانی بێ چەرداخ
بە باڵا سەروی بوستانە، بە ڕوخساری گوڵستانە
بە شەو ساقییی مەستانە، بە ڕۆژ بێ مەسکەن و سۆراخ
بە غەمزەی چاوی سەححاری مەلەک ڕەقس و سامایانە
لە شەوقی حوسنی شیرینی بەشەر کەوتوونە شاخ و داخ
گوڵی حوسنی کە بنوێنێ بەشەر ئارامی نامێنێ
وەکوو بولبول ئەناڵێنێ لە شار و دەشت و باخ و شاخ
نیشانم دەن ئەگەر دیتان، نیشانێکە لە مەردیتان
کە چونکە ھیچ کەسێ نەیدیوە قەت ئینسانی وا گوستاخ
چ حاسڵ سابیری ھاوار ئەکەی، قاتیل لە دەس دەرچوو
ھەتا ڕۆژی قیامەت قاتڵت پێناکرێ سۆراخ