ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
٣٤. حەمد ئەکەم بۆ خالیق و پەروەردگاری ئینس و جان
حەمد ئەکەم بۆ خالیق و پەروەردگاری ئینس و جان
وا بە لوتفی خۆی بە ئێمەی داوە عەقڵ و دین و جان
ئەو خودا وا تاک و پاک و بێ شەریک و بێ غەمە
بێ نیاز و ڕازقی ھەشتا ھەزار نەوع عالەمە
فەرد و بێ فەرزەند و زەن، ھەم بێ وەزیر و باب و داک
واحید و بێ جیسم و سوورەت، ھەم لە نەقس و عەیب پاک
خەلقی کرد في ستةالايامی ئەرز و ئاسمان
ھەم بە قودرەت ئەو موحەممەد مستەفای بۆ کرد بە جان
عالیم و دانا بە ئەحواڵی ھەموو خەلقی جیھان
زەڕڕەیێ ئەشیا بە بێ ئەو قودرەتی نابێ نیھان!
جوملە مەعلوماتی ئەھلی ئاسمان و سەر زەمین
قەترەیێ ئاوە لە بەحری عیلمی رب العالمين
وەرگەڕانی ئاسمان و نووری خورشید و قەمەر
بۆ بەیانی قودرەتی ئەو شاھیدێکن موعتەبەر
تۆ لە حیسسییات و ئاموشۆی نەفەس نابی جودا
یەعنی چی تێناگەیەی ئاساری ئەسراری خودا
ئەو خودا وا ئادەمی خاکی و حەوای ئیجاد کرد
وا بە نووری مستەفا دنیا و عوقبای شاد کرد
قودرەتی ئەو بۆ موحەممەد، مانگی چاردەی کرد دوو نیم
قودرەتی ئەوبوو عەساکەی بوو بە مار مووسای کەلیم
قودرەتی ئەو حەزرەتی نووحی لە تۆفان دا نەجات
بێ ئیرادەی ئەو نەبوو عیسا بە مردووی دا حەیات
قودرەتی ئەوبوو سولەیمان عالەمێ تەسخیر ئەکا
ئاگری ئیبڕاھیم بە گوڵزاری جینان تەقدیر ئەکا
قودرەتی ئەو یۆسفی کردە قووتی زیندان و بەشەر
یوونسی کێ کردە قووتی حووت و تاریک و کەدەر؟
قودرەتی ئەو دەست و پەنجەی تۆ قەڵەم نەزدیک ئەکا
قودرەتی ئەو ڕۆژی مە ڕووناک و شەو تاریک ئەکا
ئەی فەقیە ئاساری فەزڵی ئەو نەبێ تەسنیفی چی؟
ئەی حەکیم ئەتواری لوتفی ئەو نەبێ تەعریفی چی؟
قادر و عەدڵ و تەوانا، ھەرچی حەزکا وادەکا
لوتف و قەھری عالەمی ئاباد و یا ئەفنا دەکا
من ئەبێ چی بم لە فەزڵی بێشوماری دەم بە دەم؟
یا بەیانی موعجیزاتی انبياءالله بکەم؟
سابیرم ناقیسترینی بەندەگانی حەزرەتم
کەمترینی پاسەوانی دەوری نان و نیعمەتم!
بۆ گەورەیی یەزدان

پەراوێز edit