بە نووری لامیعی حوسنت کە نووری عەینی لاھووتە
شوعاع و نووری میھر و ماھ ھەموو شانامەیی ڕووتە
بە ڕۆژ و شەو کە ئامووشۆ ئەکەن لەم موڵکی ناسووتە
شەمس سووتاوی ڕوخسار و قەمەر شێواوی گیسووتە
به این که میھر و ماھ، ئەرز و سەما فەرمانبەری ڕووتە
مەلائیک وا بە فەرمانی خودا دائیم ئەکەن تەقدیس
ھەموویان سەجدەیان ھێناوەتە بەر تۆ سوی ابلیس
لە زومرەی ئەنبیا عالی مەقامانن عیسا و ئیدریس
بە ئایەی مەسحەفی ڕووتە ئەکەن تەحسیل و ھەم تەدریس
کە شاری عیلمی تۆ قاپی اسدالله یە فەرمووتە
فتووحاتی عەلی و ڕۆستەم و بەھرامی تیرئەنداز
کە شۆرەتیان ھەتا دونیا بمێنێ ھەر ئەدا ئاواز
ئەگەر قەوسی برۆ یا تیری موژگانت بکەی ئیبراز
ھەموو تەرکی سیلاح و چەک ئەکەن ئەی ساحیبی ئیعجاز
بە چاوی تۆ کەلیموڵڵا غولامی چاوی جادووتە
بیحەمدیللا حەبیبوڵڵا کە فەخرولموڕسەلینی تۆ
خودا جبریلی کردە حامیلی وەحی و ئەمینی تۆ
کە ڕۆحی کائینات و رحمة للعالمينی تۆ
سولەیمان و سکەندەر خاتەمی ژێری نگینی تۆ
سەلاتین و ئەمیر و شاھ ئەسیری دەست و بازووتە
گرووھی ئەنبیا تەفسیلیان نەختێ ئەکەم موجمەل
کە ئەفزەل یان ئولولعەزم و کوتوب ساحیبن و مورسەل
ھەموو پەروانەیی شەمعی جەماڵ و دیدەیی ئەکحەل
ئیتر با موختەسەر بێ ھەر کە فەرموویانە قەلل و دەل
ئەمینی وەحیی مونزەل داغداری خاڵی ھیندووتە
بە نووری ماھی ڕوخسارت شەوی دەیجوور ڕووناکە
بە غەمزەی چاوی خوونخارت کە وا خوێنڕێژ و چالاکە
سبەینانێ نەخۆشی چاوی بیمارت تەماشا کە
کە تۆ نووری وەرە تووری دڵم مەحوی تەجەللا کە
کە نوورت ئاگری سووزانە سابیر شوبھی باڕووتە
یەقینم وایە ڕۆحم تۆ فریشتەی یا پەریزادەی
کە چونکە نەوعی ئینسان پیر ئەبن تۆ نەوخەت و سادەی
نەخۆشم پێم عەتاکە جووتە عینابی لەبی سادەی
ئەگەرچی لوتفی مەحزە ڕوومەتی خۆتم نیشان نادەی
دەزانی ئاگری سووزانە سابیر شوبھی باڕووتە
وەرە سابیر ئەگەر عەشق و مورادت شاھی لەولاکە
تەریقی شەرع و دین بگرە لەمەولا ڕوو لە مەولا کە
مەچۆ ئەولاوە ئەولا وایە، بێ تەدبیری ئەملا کە
کە دونیا جیفەیە ھەرگیز مەچۆ، نەزدیکی ئەولاکە
کەسێ ئاڵاوە لەو لاکە گڵاو و پیس و نابووتە