بێ ئیرادەی ئەمر و تەوفیقی خودای زولجەلال
ئیش و کاری ھیچ کەسێ ناگاتە سەرحەددی کەمال
گڕڕ و فڕڕی جونبشی جوملە وحووش و ھەم تیوور
ھەر لە ئەوجی ئاسمان تاکوو بیابان و بحوور
ذی حەیات و دار و بەرد و خاک و خۆڵ و ئاب و نار
قودرەتی ئەو خەلق و مەحوی گشت ئەکا لەیل و نەھار
یا خودا تەوفیق تا مەنزوومەیێ تەئلیف بکەم
عیللەت و ئازاری بێ دەرمانی دڵ تەعریف بکەم
با بمێنی یادگاری دەردی 'نەجمەددین نەجل'
عەبدوڕەحمان ئیبنی شێخ مەحموود، بەرزنجی ئەسڵ
کوشتمی ئازاری زامی تیغی جەوری ڕۆژگار
با ھەمووکەس تێبگا اظھر من الشمس ئاشکار
ھەرکەسێ گۆیی ھونەر دەرکا لە مەیدانی مەساف
بۆ سەری ئەو تیغی دەوران بێ غەڵاف و بێ خەلاف
زولفەقاری ئەشق، تیغی چەرخی دەوران کول ئەکا
حوسنی جانان دەرکەوێ کێ سەیری باغی گوڵ ئەکا؟
ھەرکەسێ ئەشقی حەقیقی بێ دەبێ پەروانەوار
خۆی نەپارێزێ لە سووز و ئیشتیعالی شەمع و نار
ھەر دڵ و جانە نیساری خاکی پێی جانانە بێ
دووگومانە سابیری ئاخۆ قەبووڵە یا نەبێ