ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٦٦. نەوبەھارە مەوسیمی پشکووتنی گوڵ ھاتەوە
نەوبەھارە مەوسیمی پشکووتنی گوڵ ھاتەوە
ئیعتیباری شیوەن و ھاواری بولبول ھاتەوە
خوێنی چاوی عاشقانە ڕووی زەوی نەخشانەوە
زەحمەتە سەیلی بەھاری نەقشەکەی بشواتەوە
حەزرەتی لوقمان گریمان ئێستە زیندووبێتەوە
باوەڕم نایە برینی عاشقان چا کاتەوە
کەی ئەبێ یا ڕەب سبەینانێ نەسیمی ئاھ ئاھ
سا لە باغی جەننەتی حوسنی گوڵی گەش کاتەوە
ئەو بە تیری غەمزەکەی جەرگی بڕیم و تیری من
ھەر ھەناسەی سەردە ھاویتم ئەویش بۆم ھاتەوە
ئەھلی دونیا بۆ پڵاوە جۆبڵاوی لێ ئەکەن
دابنیشە نانەڕەق بووڵاوە ناو شۆرباتەوە
ڕاحەتی ئینسان لە بێدەنگی ئەبێ، سابیر خەمۆش
تۆ کە عەبدی حەیفە ڕوو ناکەی بە لای مەولاتەوە
سابیری یەعقووب ئەگەرچی ھیجری یووسف کوێری کرد
حەمد و سەبری کرد بە عادەت، یووسفی بۆ ھاتەوە

پەراوێز edit