تا بە کەی قوربان بە چاوی تا سەحەر بێ خوابەوە
بەم دڵەی پڕ سۆز و سینەی پڕ شەرارە و تابەوە
بێمە بەر دەرگانەکەت شەو تا سەحەر خار و زەلیل
دەس بئالێنم بە چاکی دامەنی بوابەوە
مونتەزیربم تۆ بە سەرما ڕاببوری ئەی تەبیب
تێبگەی ئەم خەستە بۆچ ئاڵاوەتە خوونابەوە؟
دەفعەیێ نەبزی دەماری دەستی ڕاستم ناگری
سەیری ڕەنگی زەردی من ناکەی بە ئیستغرابەوە
بەو ئومیدە تا شەوی بەدری جەماڵت دەرکەوێ
جان فیدای ئەم خاڵەکەم بەو ڕوومەتی مەھتابەوە
چەرخی دوون ڕۆژێ لەگەڵ کەس مەیل و فکری چا نەبوو
سەد خەڵاتی وا بە شانی دوونی ناکەس بابەوە
ناکەسان سەرمەستی بەزم و وەسڵی یار و کەس ھەموو
دڵپەرێشان و بە داغ و حەسرەتی ئەحبابەوە
بۆ گەدایی چوومە قاپی دوولبەرێ لوتفی نەکرد
گەرچی بێمارم دڵم زۆر ھا بە دوو عیننابەوە
گەر دەپرسی چۆنە حاڵم ھەر زەمانێ دەرکەوی
گووسفەندێ خەنجەری دیبێ بە دەست قەسسابەوە!
بۆ گەدایی چووم و سەیری کرد و نەیناسیمەوە
سەیری یارم چەند شیرینە! ھەر بە ئیستغرابەوە
دائیمەن ڕۆحم بە لێوی توشنە و ئوممێدەوار
چاوەڕێی ئەمرێکە دەرچێ، لەو لەبی سیرابەوە
دولبەرم ڕۆژێ لە پەردەی نازەوە سەیرێکی کرد
سابیری ھاویتە نێو بەحری غەم و گەردابەوە