بەڵاگەردانی چاوت بم ئەڵێی نەجمی گەلاوێژە
دەمێ عیسا و لوقمانە، دەمێ سەففاک و خوێنڕێژە
بە ئەووەڵ تیری دالەرزیم و غافڵ بووم و نەمزانی
کە من ئێستاکە ھوشیارم خەدەنگێ تر بھاوێژە
لەبەر ئێشی خەدەنگی دڵ دەکەم فەریادی بێ حاسڵ
بە شێتم ناودەبەن خەڵکی، زەمانێ پێم ئەڵێن گێژە
نەمامی قەدی تۆ بەڵکوو ھەمیشە تازە و تەڕ بێ
وەرە جانا لەسەر ئەم دیدەیی پاراوە بینێژە
کەسێ خاری تەریقی عەشقی چاوێ تۆی بە دڵدا چوو
وەکوو وشتر بە ناچاری دەکا ئەم نەوعە کاوێژە
تەبیبی پڕ فەن و حازیق مەبەن بۆ خزمەتی عاشق
کە دەرمانی دڵی عاشق وەرایی عەقڵ و ڕاوێژە
حەکیمی میھرەبان جامی گوڵاب و قەندی بۆ ھێنام
وتم: ئەی بێخەبەر لەم دەردە ئەو دەرمانە بیڕێژە!
سەبا تۆ مەحرەمی ڕازی دەخیلەک عارەب ئاسایی
گەیشتی بەو تەبیبە، لەم نەخۆشە شەممەیێ بێژە
بڵێ مەجنوونەکەی سەحرانشین ئەمشەو لە دووری تۆ
لە حاڵی نەزعدا ماوە بڕۆ ئیحسانە بینێژە
چ غەوغایێکە سابیر بەسیە ئەم ناڵانە کۆتاکە
قسەی بێ ڕەغبەتە ھەرکەس وەکوو تۆ تالیعی لێژە
دڵی کردە نیشانەی تیری غەمزەت، تێگەیی سابیر
کە غەمزەت ھەروەکوو تیری ئەجەل چالاک و خوێنڕێژە
حەکیمی دەردی سابیر موشکیلە دەس ناکەوێ ئیللا
لە فەیزی مەرقەدی سەیید ڕەزای قوتبی دێلێژە
عەجەب بۆچی بە بێ عیلمی؟ کە سابیر شێعری داناوە
بە فەیز و یومن و ئیستیمدادی قوتب و پیری دێلێژە