بە چاوی قەسدی ڕۆحی من دەکا دائیم لە پارێزە
خودا یارم لە فیتنە و من لە چاوی ئەو بپارێزە
بە تیری غەمزەکەی یارم پەرێشان و بریندارم
خەریکی نەزم و ئەشعارم ئەگەرچی دەوری ئینگلێزە
لە جێگایێ کە سوڵتانی جەماڵی لەشکرئارا بێ
چ جێگەی سەلم و توور و جامی جەم یا تاجی پەروێزە
لەکن تیغی برۆی بەحسی عەلی و زولفەقاری چی
لەکن موژگانی ئەو بێ عەقڵییە بەحسی ڕم و نێزە
عەجایب دڵڕفێنێکە بە نازی چاوی عەییاری
کە نیمە قیمەتی ئیمایەکی شیرین و شەودێزە
چ یارایێکە تەقدیری بەھا بۆ چاوی مازاغی
کە ئەدنا قیمەتی ڕوم و عەجەم کوردان و تەورێزە
لە دوو جادووی سوخەندانی لە غونچەی لێوی خەندانی
وتی موسا کە: یا عیسی، منی ئاسا بپارێزە
لەکن ئاڕایشی حوسنی زولەیخا دەس بە ئاوێنە
کل و شانەی لەکن لەیلایە ھەم شیرینی پەروێزە
لە ھاوار و فیغانم پێکەنینی دێ چ بێڕەحمە
موسوڵمان ئیشی وا ناکا مەزەننە ڕووس و ئینگلێزە
خودایا چاوی چاوی من لە چاوی بەد بپارێزە
ئەگەرچی چاوەکەم چاوی ڕەش و فەتتان و خوێنڕێزە
غەزەل ببڕێتەوە چاکە بەیانە وەختی ئیمساکە
لەمەولا ڕوو لە مەولا کە زەمانی وەرع و پارێزە
دڵی سابیر برینداری خەدەنگی چاوی دڵدارە
سروشکی چاوی دائیم جارییە مانەندی کارێزە