شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: بە چاوی قەسدی ڕۆحی من دەکا دائیم لە پارێزە بە چاوی قەسدی ڕۆحی من دەکا دائیم لە پارێزە خودا یارم لە فیتنە و من لە چاوی ئەو بپارێزە بە تیری غەمزەکەی یارم پەرێشان و بریندارم خەریکی نەزم و ئەشعارم ئەگەرچی دەوری ئینگلێزە لە جێگایێ کە سوڵتانی جەماڵی لەشکرئارا بێ چ جێگەی سەلم و توور و جامی جەم یا تاجی پەروێزە لەکن تیغی برۆی بەحسی عەلی و زولفەقاری چی لەکن موژگانی ئەو بێ عەقڵییە بەحسی ڕم و نێزە عەجایب دڵڕفێنێکە بە نازی چاوی عەییاری کە نیمە قیمەتی ئیمایەکی شیرین و شەودێزە چ یارایێکە تەقدیری بەھا بۆ چاوی مازاغی کە ئەدنا قیمەتی ڕوم و عەجەم کوردان و تەورێزە لە دوو جادووی سوخەندانی لە غونچەی لێوی خەندانی وتی موسا کە: یا عیسی، منی ئاسا بپارێزە لەکن ئاڕایشی حوسنی زولەیخا دەس بە ئاوێنە کل و شانەی لەکن لەیلایە ھەم شیرینی پەروێزە لە ھاوار و فیغانم پێکەنینی دێ چ بێڕەحمە موسوڵمان ئیشی وا ناکا مەزەننە ڕووس و ئینگلێزە خودایا چاوی چاوی من لە چاوی بەد بپارێزە ئەگەرچی چاوەکەم چاوی ڕەش و فەتتان و خوێنڕێزە غەزەل ببڕێتەوە چاکە بەیانە وەختی ئیمساکە لەمەولا ڕوو لە مەولا کە زەمانی وەرع و پارێزە دڵی سابیر برینداری خەدەنگی چاوی دڵدارە سروشکی چاوی دائیم جارییە مانەندی کارێزە ++++++++++++++++++++++