ئاڵەکۆک

سابیری add_a_photo
سابیری دیوانی سابیری
١٣٥. مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی
مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی
مەخەو ئەی میری بەر سێبەر وەکوو شامی تەپیو بوردی
ئەلا ئەی پیری بێ حاسڵ لەکن خۆت عاقڵ و وردی
خەجاڵەت بی ھەموو ڕەنجت قسووری خۆتە با بردی
سەنەی عومرت لە ھەشتا تێپەڕیی و غافڵی ھێشتا
کە تۆفانی ئەجەل ئەرز و سەمای شێوان و ھاوردی
لە ھەشتا تێپەڕی عومرت قیامەت نایەتە فکرت
جوێن و غەیبەتە زیکرت پیاوێ زیرەک و وردی
گرووھی ئەوەڵین ڕابوردن و ئێمەیش ئەچین ئاخر
ئەگەرچی من تەپۆڵکەم تۆ لە چاوی من وەکوو گردی
سەر و ڕیشت بووە پەمبوو سەراپا عومری تۆ غەم بوو
موسوڵمانیت ھەموو دەم بوو، پەشیمانی و ڕووزەردی
ئەگەرچی من فەقیری شار و تۆ سوڵتانی دەورانی
بەھەر حاڵێ کە من مردم لەناکاوێ ئەتۆش مردی
ئەگەر یارانی ڕابردوو بە خێر بێنیتە یاد ئەمڕۆ
بە خێر یادت ئەکەن خەڵکی، سبە و دوویێ کە ڕابوردی
عەبا و جوببەی سپی و ساف و کەوای زەردت موبارەک بێ
بە سوورەت شەککەری ئەمما بە تام و ڕەنگ گۆگردی
زەمانی زوھد و پارێزکردن و ھەم تەوبەیە سابیر
ئەگەر شێخی عەرەب یاخود ڕەئیسی تائیفەی کوردی
چییە دونیا زمستانە ئەجەل؟ بۆ ڕفت و بارانە
لە ھەوری قیبلەوە سابیر بەتوندی ھات و ھاوردی

پەراوێز edit