ماھڕوو دەرکەوت و خورشیدی جیھان کەوتە کزی
شەکەر و ھەنگوین لە حەسرەت لێوی دوو لێویان گەزی
تیغی ئەبرۆی ڕۆستەم و بەھرامی عاجز کردووە
تیری غەمزەی چاوی دی، سەعدی بنی وەقاس بەزی
کێ بوو وا ئەمشەو جیھان یەکسەر بە ماھی ڕوومەتی
عاسی و مەعسووم ھەموو مانەندی کەتان داڕزی
زوشت و ناشیرینە بۆ پاشای عالەم جەردەیی
تۆ کە سوڵتانی جیھانی حەیفە بۆ تۆ شەودزی
شەو کە سوڵتانی خەیاڵت ھاتە سەر ئیقلیمی دڵ
پاڵەوانی لەشکری بێگانە پشتی دابەزی
پیاوی چاکی خزمەتی خەڵکی ئەکەی بۆ ئافەرین
تا بڵێی زۆر موکریم و چالاک و چوست و گوربزی
تا جەوانی و تاقەتت بوو مەیلی دەروێشیت نەبوو
ئێستە وا پیر و لەڕی بۆ زیکر و تاعەت عاجیزی
وەک پەمۆ بەرگی ھەموو عالەم بە خاسییەت بکە
قەتعی ڕێگە و دامەنی خەڵکی مەکە وەک داری زی
سابیری تاکەی لە نەزم و شاعیری واز نایەنی
ڕووت لە ئاوایی نییە دائیم لە چۆڵ و کەڵبەزی