شاعیر: سابیری کتێب: دیوانی سابیری سەرناو: مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی مەخۆ ئەی پیری تەنپەروەر کەباب و کاڵەکی پردی مەخەو ئەی میری بەر سێبەر وەکوو شامی تەپیو بوردی ئەلا ئەی پیری بێ حاسڵ لەکن خۆت عاقڵ و وردی خەجاڵەت بی ھەموو ڕەنجت قسووری خۆتە با بردی سەنەی عومرت لە ھەشتا تێپەڕیی و غافڵی ھێشتا کە تۆفانی ئەجەل ئەرز و سەمای شێوان و ھاوردی لە ھەشتا تێپەڕی عومرت قیامەت نایەتە فکرت جوێن و غەیبەتە زیکرت پیاوێ زیرەک و وردی گرووھی ئەوەڵین ڕابوردن و ئێمەیش ئەچین ئاخر ئەگەرچی من تەپۆڵکەم تۆ لە چاوی من وەکوو گردی سەر و ڕیشت بووە پەمبوو سەراپا عومری تۆ غەم بوو موسوڵمانیت ھەموو دەم بوو، پەشیمانی و ڕووزەردی ئەگەرچی من فەقیری شار و تۆ سوڵتانی دەورانی بەھەر حاڵێ کە من مردم لەناکاوێ ئەتۆش مردی ئەگەر یارانی ڕابردوو بە خێر بێنیتە یاد ئەمڕۆ بە خێر یادت ئەکەن خەڵکی، سبە و دوویێ کە ڕابوردی عەبا و جوببەی سپی و ساف و کەوای زەردت موبارەک بێ بە سوورەت شەککەری ئەمما بە تام و ڕەنگ گۆگردی زەمانی زوھد و پارێزکردن و ھەم تەوبەیە سابیر ئەگەر شێخی عەرەب یاخود ڕەئیسی تائیفەی کوردی چییە دونیا زمستانە ئەجەل؟ بۆ ڕفت و بارانە لە ھەوری قیبلەوە سابیر بەتوندی ھات و ھاوردی ++++++++++++++++++++++